بە ناوی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە بۆنەی گیان لەدەستدانی ١١هاونیشتمانی و بریندار بوونی چەندین کەسی دیکە لە ڕووداوی ڕۆژی شەممە(١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥)، لە بازگەی پۆلیسی هاتووچۆی سنە-هەمەدان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی قووڵ لەگەڵ کەس و کار و بنەماڵەی گیانبەختکردووان و بریندارانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی کورد بە گشتی و شاری سنەی قارەمان و گەلە بە هەڵوێستەکەی بە تایبەتی دەکەین و لە ناخی دڵەوە هیوای چاکبوونەوە و سڵامەتی بۆ برینداران دەخوازین.
بەداخەوه ڕێگاکانی کوردستان بوونەتە مەکۆی کارەسات و کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی ئەم وڵاتە.ئەژماری زۆری ئەم ڕووداوانە کە مەرگ و برینداری بە کۆمەڵی لێکەوتووەتەوە ڕۆژژمێری تایبەت بە خۆی لە ڕای گشتی تۆمار کردووە، لە چەشنی: ڕووداوەکانی ئەم دەساڵی ڕابوردووەی سەقز-دیواندەرە، حسەینئاوا، قوروە-دێولان، سێڕێیانی سنە بەرەو مەریوان، بلواری دکتۆر حسەینی سنە و ئێستایش بازگەی پۆلیسی سنە-هەمەدان. دڵنیاین ئەمە تەنیا ژمارەی ئەو ڕووداوانەن کە کوژراو و برینداری بە کومەڵی لێکەوتووەتەوە، دەنا ڕۆژ نیە لە ڕێگاکان و لە ناو شارەکان یەک کەس و دو کەس بە هۆی نالەباری دۆخی ڕێگاوبان و… گیانیان بەخت نەکەن!
بەداخەوە لە تێکڕای ئەم کارەساتانە کە لێکەوتەی نابەرپرسیاری و کەمتەرخەمی بەرپرسانە هیچ بەرپرس و دەستگایەک بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ نەگرتوە و کەس نەچووەتە بەردەم دادگا!!! لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ تاوانبارێکی ڕاستەقینەی ئەم ڕووداوە یەک لە دوای یەکانە نەکراوە !!!
جیا لەوەی ڕێگاوبانەکانی کوردستان چەنێ خۆیان وێران و نائیستانداردن چنینی بلۆکی سیمانی بە شێوەی هەڕەمەکی لە تەنیشت بازگەکانی هات و چۆ مەترسی تەسادوفی زنجیرەیی و کارەساتباری لە چەشنی ئەم ڕووداوەی بازگەی سنە-هەمەدانی چەند قات زیاتر کردوە!!!
بە داخەوە بەرپرسان هەمووی ئەمانە دەبینن و دەزانن بەڵام هیچ پلانێکیان نییە و بە نیسبەت گیانی خەڵک و بنەماڵەکان کەمتەرخەمن.
ئێمە وەکوو ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە بەرانبەر هەر ڕووداوێکی پێوەندیدار بەچارەنووسی خەڵک، بنەماڵەکان و قوتابیان بێدەنگ نابین و هەڵوێستی خۆمان دەبێ، بۆیە لە پێشا خوازیاری:
١- ناساندنی تاوانبارانی سەرەکی ئەم ڕووداوەین بە خەڵک.
٢- لە تەواوی بازگەکان بلۆکگەلی سیمانی(نیوجرسی)یەکان هەڵگیرێت و هاتووچۆ ئاسایی بێتەوە هەتا لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی لەو چەشنە خەڵک ڕێی دەربازبوونیان هەبێت.
٣- هەموو بریندارەکان باشترین چارەسەری پێویست وەرگرن و هەموو تێچووەکەی لە ئەستۆی دەوڵەتبێ.
٤- قەرەبووی بنەماڵەی گیان بەختکردووان بکرێتەوە بە پێی دۆخی ئابووری ئێستا و بە لەبەر چاوگرتنی ئاسەواری خەساری ماڵی و دەروونییەک کە بە بنەماڵەکان گەیشتووە.
٥- سزادان و لابردنی نابەرپرسانی مشەخۆر و سێبەرنشین کە هیچ مەرگێک و هیچ ڕووداوێ ڕایانناچڵەکێنێ و ویژدانی خەوتوویان وەخەبەر ناهێنێ.
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سنە، سەقز و زێویە، مەریوان و سەوڵاوا)
١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦
پ.ن: در حادثە روز یکشنبە1405/6/14 در پلیس راە سنندج-همدان، با ورود تانکر حامل مواد اشتعالزا بە بازرسی و عدم توانایی رانندە در کنترل آن متاسفانە 11نفر از همشهریان سنندج و شهرهای اطراف کشتە و تعداد زیادی زخمی شدند.
شورای هماهنگی تشکلهای صنفی فرهنگیان ایران همدردی عمیق خود را با مردم شریف کوردستان اعلام میدارد
